My photos

Monday, May 31, 2010

نیه‌ت پاکی


(قوباد) که پادشایهکی ئێرانی دهبێت، ڕۆژێک دەچێت بۆ ڕاو، لەشوێنی ڕاوكردن دەكەوێتە دوای مامزێك و لەسەر بازەكانی دادەبڕێت. ئهو ڕۆژەش که زۆر گەرم دەبێت و تینوێتی هێرشی بۆدێنێ، دوای ماوهیهک لەدوورەوە، لەچۆلهوانییهکدا ڕەشماڵێک دەبێنێ و دەچێت بەرەو لایانو دەڵێت: میوان ڕادەگرن؟ (پیره ژن)ێكی پیر لەڕەشماڵەكە دێتە دەرەوەو زۆر بەڕێزەوە ڕێشمهی ئهسپەكەی دەگرێت تاکوو دادەبەزێت. زۆر لەگەڵی ڕووخۆش دەبێو بەجوانی بەخێری دێنێو خواردنو خواردنەوەیش ئهوەی كەهەیانبوو بۆیدانا.
(قوباد) دوای ئهوهی كە كەمێك ماندوویی لاچوو پاڵی دایەوەو بۆی خەوت، تاكوو ڕۆژ ئاوا خەبەری نەبۆوە. كاتێك ههستا لهخهو، دیتی شەو داهاتووە! بەناچاری هەر لەو ماڵە مایەوە. دوای ڕۆژ ئاوا بوون چەند مانگایەكیان هەبوو لەچۆلگه بەرەو ماڵ گەڕانەوە.
(پیره ژن) كچێكی دوازدە ساڵانەی هەبوو زۆر ژیرو تێگە یشتوو بوو، پێی وت: كچم! بچۆ كەمێك شیر بدۆشە تابیدەم بەمیوانی خۆشەویست. (کچهکه) ڕۆیشت لەمانگایەك شیرێكی زۆری دۆشی، كاتێك (قوباد) ئاوای دیت سەری سووڕماو لەدڵی خۆیدا وتی: ئهوانە لەژێر سێبهری ئاشتیو دادوهری مندا لەو چۆلهوانییه نیشتەجێنو بەو هەموو داهاتەوە ژیان دەبەنەسەرو هیچیش نادەن بەگهنجینهی (پادشا)! ئهگەر لەمانگێکدا تەنانەت ڕۆژێك كەمێك لەداهاتی شیرەكەیان بدەن بەگهنجینهی حکومهت، هیچ لەوان كەم نابێتەوە، بەڵام سەرمایەی وڵات بەرەو زیادبوون دەچت و ئابووری گهشه دهکات.
هەر لەدڵی خۆیدا بڕیاریدا كاتێك گەڕایەوە بەرەو پایتەخت، باج بخاتە سەر خهڵکهکهی.
كەشەو تێپەڕیو دنیا ڕوناک بوو، (پیره ژن) بانگی كچەکهی کردو پێی وت: هەستە لەخەو، بانانی بەیانی بدەین بەمیوان. (کچهکه) هەستا لەخەوو ههروهک ڕۆژانی ڕابردوو چوو بۆلای مانگاكان كەبیاندۆشێت. بهڵام هەرچەند هەوڵیدا شیریان نەداو ناچار هاواریكردو وتی: دایکە، دایکە! هەستە ڕوو لەخوای گەورە بكەو بپاڕێوەو دووعا بكە. وادیارە پادشای وڵات نیەتی گۆڕاوەو نیازی زۆرداری هەیە بەرامبەر بەخەڵكەكەی!
(قوباد) سەری بەرز كردەوەو ڕووی لەخوا كردو وتی: ئهی پهروهردهگار، ئهو كچە كە نازانێت من كێم چۆن زانی كەمن نیەتم گۆڕاوەو ئهو بیرۆكەیەم بەسەر مێشکدا هاتووە؟ (پیره ژن) هەستاو بەگریانەوە ڕووی لەخوا كردو دەستیكرد بەپاڕانەوەو سكاڵا كردن بۆئهوەی بەزەیی پێیاندا بێتەوەو خێرو بەرەكەت بگەڕێتەوە بۆیان و هەروەها ئهگەر سهرۆکی وڵات نیەتی بەرەو خراپە گۆڕابێ، بەرەو چاکی بگەڕێتەوە.
(قوباد) بانگی پیرە ژنی كردو وتی: پێم بڵێ: چۆنتان زانی كە(پادشا)ی ئێوە بیری زۆرداری بەدڵدا هاتووە؟
(پیرە ژن) وتی: هەموو بەیانیان مانگاكانی ئێمە شیری زۆریان دەداو ئهمڕۆش كەنەیانداو هیچ نەخۆشیش نین، زانیمان كە هۆیەكەی گۆڕانی دڵی سهرۆکی وڵاتە بەرەو خراپی بەرامبەر به خهڵکهکهی خۆی! چونكە بیستوومانە هەركاتێك سهرۆکی وڵات نیهتی باش بێت، خوای گەورە خێرو بەرەكەتی زۆر دەبارێنێ بۆ وڵاتەكەیو هەموو كەسێك بەتێریو شادی دەژین. وە ئهگەر بیریش لە چەوساندنەوەو ئازاردانی خەڵكەكەی بكاتەوە، خوای گەورە خێرو خۆشیو بەرەكەت لەو وڵاتەدا لادەباتو بەرەو وێرانی دەچێت.
(قوباد) وتی: ڕاست دەكەی، بەڵام دڵنیابە ئهگەر (پادشا) نیەتی خراپی هەبێت، یان بەدڵی داهاتبێ پەشیمان دەبێتەوەو هەرگیز جارێكی تر بەو شێوەیە بیرناكاتەوە.
دوای ماوهیهک كچە بچووكەكە دیسان هەستاو ڕۆیشت بۆلای مانگاكان كە بیاندۆشێت، سەیریكرد شیرەكە ههروهک ڕۆژانی ڕابردوو بوو.
(قوباد)یش بڕیاریدا که ئیتر جارێکی دیکه بیری ئاوای بەدڵدا نەیهتەوەو داوای لێبووردنی لەخوای گەورە كردو بەرەو پایتەخت گەڕایەوە.

No comments:

Post a Comment