My photos

Monday, May 31, 2010

هاوڕێی بێوه‌فا

لەشاری كوفـە، که‌ یه‌کێکه‌ له‌ شاره‌ عه‌ره‌ب نشینه‌کانی ئێراق، كابرایەكی زۆر دەوڵەمـەندو دڵكراوەو سەخی هەبووە، لەو ناوەدا ناو بانگی دەركردووە بۆ چاكەو پـیاوەتی‌و یارمەتی دانی خەڵـك. گوایە لەگـەڵ یەكێك لە کاربه‌ده‌ستانی حکومه‌ت دەبێت بەئاشناو لەكاتی پێویست‌و جیاجیادا زۆر جار چاكەی لەگەڵدا كردووەو یارمەتیداوە. كاتێك كە “مـصـعـب “ كوڕی “زوبـێـر” دەسـەڵاتی ویلایەتی كوفـەی گرتـە دەست، ئـه‌و کاربه‌ده‌سته‌ خۆیوو ژنەكەی‌و منداڵەكانی لە ترسی (مصعب) پەناده‌بات بۆماڵی ئاشنا دەوڵەمەندەكەی‌و ماوەیەكی زۆر لەماڵی ئه‌و دمێنێته‌وه‌و زۆر بەجوانی پێشوازی لێده‌کات‌و خزمەتێكی زۆری ده‌کات.
ئه‌و کاربه‌ده‌سته‌ هه‌ڵاتووه‌، خۆی و خێزانی و منداڵه‌کانی، لەو ماوەیەدا كە لەماڵی دۆستـەكەی ده‌بێت، بەشـێوەی نەهێنی دەژیاو هەموو خەرجێكیشیان لەسەر ئه‌و ماڵە ده‌بێت.
كابرای دەوڵەمەند بەبێ ئه‌وەی تەنانەت بۆ تاكە جارێكیش ڕووگرژ بێت یان منەتی لەسەر بكات، بەو شێوەیه‌ی كەپێویستە ئه‌ركی دۆستایەتی خۆی به‌جێی ده‌هێنا.
دوای ماوەیەك (حجاج) دێت بۆ كوفـەو (مصعب) ده‌كوژێت و ده‌سه‌ڵات بەتەواوی ده‌که‌وێته ژێر دەستی ئه‌و. کابرای کاربه‌ده‌ستیش كە لەتـرسی (مصعب) خۆی شارد بۆوە، لەماڵـی كابرای دەوڵەمەند هاتەدەرەوەو چوو بۆلای (حجاج).
ڕۆژێك (حجاج) وتی: به‌ کاربه‌ده‌سته‌که‌‌، تاكو ئێستا كەم كەسم دیوە وه‌ک تۆ لێهاتوو بێت، پـێـمخۆشە ئه‌گەر كەسێك دەناسی كە دژی ئـێمە بـێـت و لەلایـەنگرانی ئه‌میری ڕابردوو بێت، پێم بناسێنی بۆ ئه‌وەی بەسزای خۆی بگەیەنم.
کاربه‌ده‌ستی بێوەفاو بێئه‌مەكیش یەكسەر ئاماژەی بەهەمان ئه‌و كەسە كرد كەدۆستی بو و لەكاتی تـەنـگانەدا فریای كەوتبو و خزمەتی دە كرد! وتی: كابرایەك هـەیـە لەم شارە، (مصعب) لەكاتی فه‌رمانڕه‌واییدا پارەیەكی زۆری بەئه‌مانەت پێ سپاردووە.
(حجاج) به‌په‌له‌ ناردی بەدوای کابراداو دوای لێكۆڵینەوەو ئه‌زیەتكردنێكی زۆر ئه‌مجار داوای ئه‌و پارەیەی لێكردەوە كە (مصعب) لەلای داناوە! كابرای دەوڵەمەند وتی: بڕوام پێ بكە هیچ پارەی (مصعب) لەلای من نییە.
(حجاج) وتی: فڵان کاربه‌ده‌سته‌ كەتۆ زۆر باش دەناسێت، وادەڵێت! کابرای ده‌وڵه‌مه‌ندیش وتی: تاوانی من هەر ئه‌وەیە كەبۆ ماوەی چەندین مانگ ئه‌و که‌سه‌ که‌لەترسی (مصعب) لەهـیـچ جێـگایەك پەناگایەكی نەبوو، من لەماڵی خۆم پەنام داوەو بەهەموو توانای خۆمەوە خزمەتم كردووە.
ئه‌گەر تۆ باوەڕ به‌من ناكەی، لەژن و منداڵەكانی پرسیار بكە. (حجاج) داوای خێزانی کاربه‌ده‌سته‌که‌و منداڵەكانی كردو پرسیاری لێیانـكرد وتی: ئایا ئه‌و كاتە كە(مصعب) لەكوفە حوكمی دەكرد ئێوە لەكوێ بوون؟ ژنی کاربه‌دست كەژنێكی ڕاست و بەوەفاو بەویژدان بوو، وتی: ئێمە لەماڵی فڵانە ده‌وڵه‌مه‌نده‌ بووین‌و زۆر خزمەتی ئێمەیدەكرد. (حجاج) ئه‌مجار دڵنیابوو كە کاربه‌ده‌سته‌که‌ چەندە بێنرخ‌و بێوەفاو سپڵەیە. هەر ئه‌وكات دەستوریدا كەهەزار داری لێبدەن‌و جاڕچیش لەناو شاردا هاواری دەكرد كەهەر كەسێك چاكەو پیاوەتی لەبیر بكات‌و خیانه‌ت بەخاوەن چاكە بكات سزای ئـه‌وە دەبـێـت. هەروەها داوای لێبووردنـیـشی لەکابرای بیتاوان كردو ئازادیكـرد، کاربه‌ده‌سته‌که‌یشی لەسەر كار دوور خستەوەو بەسزای خۆی گەیاند.

No comments:

Post a Comment