كابرایەكی درۆزن كە زۆر بەناو بانگو بێ وێنە دەبێت بۆ درۆ کردنو هەموو كەسێك دەیزانی كە ئهوە درۆزنەو هەرچی دەیڵێ لەڕاستی بەدوورە، ڕۆژێك بەڕێكەوت دەچێت بۆ لای خاوهن دهسهڵاتێکو ئهویش پێی دەڵێ: ئهگەر درۆیەك بكەیتو من نەم بیستبێت، هەزار دینارت پێدەدەم.
كابرای درۆزن وتی: بەردەیەك كەبەپارە كڕیبووم، لەماڵ ڕایكرد، هەر چەند بەدوایدا گەڕام نەم دۆزیەوە. واڕێكەوت دوای چەند ڕۆژێك باوکم لەبازاڕ شوتیەكی كڕیبوو، كاتـێك شوتیەكەم لەتكرد، سەیرمكرد بەردەی هەڵاتوو، وا لەناو شوتی دا لەسەركورسی دانیشتووەو سندووقێكی لەپێش خۆی داناوە لەگەڵ كۆمەڵێك كەرەسەی پینەچیەتیو بووە بەپینەچیو بهبێخهمی خۆی سەرگەرمكردووە بەپێڵاو پینە كردنو دروونەوەو خەڵكێكی زۆریش دەورەیان لێدابوو، واپێدەچوو لە ئیشهكەی زۆر ڕازی بن.
(حاکم) وتی: ئهوە هیچ نی یە، لەو درۆ یانەم زۆر بیستووەو شتێكی وا بڵێ كە نەم بیستبێت. كابرای درۆزن وتی: لەگەڵ باوکم دا لەسەفەری حیجاز، لەناو كەشتیدابووینو لەدەریای عهممان تێپەڕ دەبووین، ڕۆژێك لەهێكڕا دەریا بوو بەتۆفانو ڕەهێڵەو دنیا تاریك بوو!
كەشتیهوان بەدووربین سەیری ئهملاو ئهولای دەكرد، یەكسەر دەستووریدا كەتۆپخانە بكەوێتە كارو ئهوانەیش كەچەكیان پێیە، تەقەی هەوایی بكەن. دوای كاتژمێرێك دنیا ڕوناك بۆوەو تۆفان نەما، منیش لە كەشتیوانم پرسی: هۆی ئهو تەقەكردنە چیبوو؟ ئهویش وتی: ماسیەكی گەورە سەری لە دەریا دەرهێنابو و كەشتیەكەی ئێمەی قوتدا، بههۆی ئهو تەقەكردنە ماسیەكە نەیتوانی ئهو هەموو گوللانە هەزم بكات، بۆیە بەناچاری لەدواوە فڕێی دانەوەو كەشتیەكەش بەزاریدا هاتەوە دەرەوە.
(حاکم) وتی: ئهوەشم بیستووە، شتێك بڵێ كە نەمبیست بێت، كابرای درۆزن وتـی: زۆر باشبوو كەوتەوە یادم، لەناو نوسراوەكانی (باوکی ڕەحمەتیم دا، نوسراوێكم دۆزیەوە، گوایە باوکم دەهەزار دیناری داوە بە باوکی ڕەحمەتیت بەقەرز، ئێستاش ئهو پارەیە نەدراوەتەوە.
ئینجا (حاکم) ڕەنگی گۆڕاو وتی: ئهوە درۆیە! من هەرگیز شتی ئاوام نەبیستووە كە ئێمە پارەمان لەهیچ كەسێك قەرز كردبێت! كابرای درۆزن وتی: كەوابوو من ئێستا هەزار دینارهکهم دەستكەوتو ناوی خوای لێ بێنە.
No comments:
Post a Comment