جارێك دوو كەس، بە ڕێكەوت، دەبن بەهاوڕێ و هاو سەفەر، ڕێگاشیـان دوور‌و درێـژ دەبـێـت و دەبوایە، بەدرێـژایی ئه‌و ڕێگایەش هەر بەپێ بڕۆن، یەكێكیان ده‌ڵێ: بۆ ئه‌وەی زۆر هەست بەماندوویی نه‌که‌ین و ڕێگای درێژ كورت بكەینەوە، باشوایە بەیەكەوە (وتووێژ) بكەین و هـەر یـەكـە باس لە ئارە زوو یەكمان بكەین، بۆ ئه‌وه‌ی سەرمان گەرم بێت و بیر لە دوور‌و درێژی ڕێگا نەكەینەوەو ماندووییمان لەبیر بچێتەوە.
ئه‌وەی دیکه‌یان وتی: منیش پێم باشەو فەرموو تۆ یەكەم جار ئارەزووی خۆت بڵێ:
یەكەم وتی: من ئارەزووم ئه‌وەیە، که ڕانه مەڕێكی زۆرم هەبوایەو لە شیر‌و ماست‌و ڕۆن و خوورییەكەی سوودو قازانجێکی زۆرم دەست كەوتبایەو به‌هۆی به‌رهه‌می زۆری داهاته‌که‌م، بوبام بەیەكەمین بازرگان‌و دەوڵەمەندی سەرزەوی. ڕووی كردە هاوڕێیەكەی تری‌و وتی: ئه‌ی تۆ ئارەزووت چییە؟
دووه‌م هه‌روه‌ک له‌شێوه‌ی ده‌رده‌که‌وت ئێره‌یی به‌هاوڕێکه‌ی ده‌برد! بۆیه وتی: منیش ئارەزووم ئه‌وەیە، یەك ڕەوە گورگی زۆرم هەبوایە، بۆئه‌وەی هه‌موو مەڕەكانی تۆیان بخواردایە. هاوڕێیەكەی تر، که‌به هۆی ئه‌و هه‌موو زیانه گه‌وره‌یه که‌لێی که‌وتووه، تاساو وتی: بەڕاستی وا دەڵێی یان گاڵتە دەكەی؟
ئه‌ویش وڵامی دایەوەو وتی: نە خێر، گاڵتە ناكەم‌و بەڕاستی ئه‌وە ئارەزووی مـنە!
ئه‌ویش سه‌ری باداو وتی: لەو شانسه‌ی من! كێ بووە بە هاوڕێ و هاو سەفەرم؟! لەسەر هیچ‌و خۆڕایی دژایەتیم دەكات‌و سەروەت و سامانم لەناو دەبات.
لەم قسه‌یەك و لەو قسه‌یەك، پەلاماری یەكتریانداو كەوتنە گیانی یەكترو زۆر لەسەرو گوێلاكی یەكتریان ڕاكـێـشـا بەمەبەستی كوشتن! تا هەردووكیان بێ هێز بوون! دوای شەڕو لێكدانێكی یەكجار زۆر یەكێكیان وتی: با كۆتایی بەو شەڕە ماڵوێرانكەرە بێنین و ڕێگای خۆما بگرینەبەر، هه‌ر وه‌ها بڕیار بدەین لەڕێگادا یەكەم جار تووشی هەركەسێك هاتین بیكەین بەدادوەری خۆمان‌و هەر بڕیارێك که‌ئه‌و دەریكرد، ئێمەیش پێی قایل بین.
هەرچۆنێكبوو لەسەر ئه‌وە پێكهاتن و وردە وردە دەستیا نكرد بە ڕۆیشتن، بەڵام حەزیان لەچارەی یەكتری نەدەكردو بەیەكەوە قسه‌یان نەدەكرد.
لەهێكڕا تووشی كابرایەكی پیرو بەتەمەن هاتن كە گوێدرێژێكی پێبو و دوو مەشكە دۆشاویـشـی لێ باركردبوون بەمەبەستی چوون بۆ ناو شار‌و فرۆشتنی دۆشاوه‌که بۆ به‌ڕێوه بردنی ژیانی ماڵومنداڵی. ئه‌وانیش، ڕویانكردە پیاوی پیرو وتیان: مامەگیان ئێمە زۆر باش دەزانین که تۆ لەبەرئه‌وەی تەمەنت زۆرە، دڵنیاین ئه‌زموون و تا قیكردنەوەی ژیانیشت هەر زۆرە، بۆیە داوات لێدەكەین كە دادوەرمان بی‌و گوێ ڕابگری بۆ هەریەكێك لە ئێمە تاقسه‌ی خۆمان بكەین. بزانە كام یەكێك لەئێمە تاوانبارە.
مامەی پیرو ژیر‌و خاوەن بیریش، زۆر بە ئارامی گوێـی ڕاگـرت تا هەردوكـیـان بەتەواوی ڕوداوەکه‌ی خۆ‌یان گێڕایەوە.
دوای تەواو بوونی قسه‌كانیان، مامەی پیرو به‌ئه‌زموون بۆ ئه‌وه‌ی پێیان بسه‌لمێنێت که ئه‌وانه چه‌نده ساویلکه‌و نه‌زانن، هه‌روه‌ها نیشاندانی بیر‌و هزری تیژی خۆی بەمەبەستی دادوەریكردن، ڕۆیشت بۆلای گوێدرێژەكەو هەردووك مەشكە دۆشاوەكەی هێنانه خوارێ‌و زۆر به سپایی زاری كردنەوەو هەموو دۆشاوەكەی بەگۆڕێ وەركرد! ئه‌مجار ڕووی تێكردن‌و وتی: خوێنی من وەك ئه‌و دۆشاوە بڕژێتە سەر ئه‌م زەویە، كە ئێوە هەردووكتان نەفام‌و نەزان‌و سادەو ساویلكە نەبن!!!!!
هه‌ر بۆیه گوتراوه:
( گه‌وره‌یی به ئه‌قڵه نه‌ک به‌ساڵ، ده‌وڵه‌مه‌ندیش به‌هونه‌ره نه‌ک به‌ماڵ.) (سعدی)
No comments:
Post a Comment