My photos

Monday, May 31, 2010

قوبادو دزانی پاره‌و زێڕ


دەگێڕنەوە گوایە بڕێکی زۆر پارەو زێڕ لەگه‌نجینه‌ی (قوبادی ساسانی) كەیەكێك لەدەسەڵاتدارانی سەردەمی خۆی بووە، دزراوەو هیچ كەسێكیش نەیزانیوە كەكێ دزیویەتی و چۆن دزراوە!
(قوباد) بەهۆی ڕودانی ئه‌و خیانەتە دڵتەنگ دەبێت‌و زۆر خەمی لێدەخوات. بەتایبەتی لەبەر ئه‌وە زۆر باوەڕی بەكار بەدەستەكانی هەبووه‌، نەیدە زانی كە ئه‌و كارە ناڕەوایە چۆن پـیلانی بۆ داڕێـژراوەو كێ كردوویە تی.
بۆ دۆزینەوەی دزو ڕوونكردنەوەی ئه‌وكارەو بەدەستهێنانەوەی شتە دزراوەكان، زۆر بیری كردەوە تاگەیشتە ئه‌نجامێك و پیلانێكی دۆزیە وە. یەكێك لەپیاوەكانی خۆی كەزۆر باوەڕ پێكراوی دەبێت، ناردی به‌دوایداو پێی وت: پشتێنە زێڕەكەی من كە بەمرواری ڕەنگێنراوە، بەبێ ئه‌وەی كەهیچ كەسێك ئاگادار بێت لەگه‌نجینه ‌دەری بێنەو لەفڵان جێگایە بیشارەوە. هەركاتێكیش كەداوام كردی و داوای پشتێنەكەم لێت كردەوە تۆ بەرگری لەخۆت بكەو بڵێ: من هـێـچ ئاگادار نیم، دڵنیابە تـۆ ئه‌گەر ئه‌و ئه‌ركە بەجوانی و بەم شێوەیە كەپـێـت دەڵێم بەڕێوەی ببەی، من دواتر پاداشتێكی زۆر باشت پێدەدەم.
پیاوەكە هەر بەو شێوەیە كە(قوباد) دەستووری پێدابوو كارەكەی جێبەجێ كرد. دوای ماوەیەك (قوباد) كۆڕێكی جەژنی پێكهێناو داوای پشتێنە زێڕەكەی كرد كەلە گه‌نجینه‌ بۆی بێنن، لێپرسراوی گه‌نجێه‌و پیاوەكانی بەپەلە ڕایانكردو چوون بۆ ناو گه‌نجینه‌و هەرچه‌ند گەڕان‌و سەیری ئه‌ملاو ئه‌و‌لایانكرد نەیاندۆزیەوە! لەئه‌نجامدا كەوتنە گیانی یەكترو زۆر تووڕە بوون‌و دەیانگوت: كێ دزیویەتی و دەبێ كاری كێ بێت‌و كە گەڕاینەوە لەبه‌رامبه‌ر (پادشادا) چی بڵێين؟ كاتێك گەڕانەوە (قوباد) وتی: هێناتان؟ ئه‌وانیش وتیان: وادیارە بزر بووە! چونكە لەجێگای خۆی نەماوەو زۆریش هه‌وڵماندا بەڵام نەماندۆزیەوە.
(قوباد) سەری داخست، ماوەیەكی باش كەوتە بیركردنەوەو سەیر كردنی یەكەیەكەی هەموو ئه‌وانەی كە لەناو كۆڕەكەدا بوون. لەهێكڕا دوای بیركردنەوەیەكی باش ئاماژەی بۆ هەمان پیاوە كرد كەهەر خۆی پیلانی بۆیدانابوو كەچی بكات. دوای ماوه‌یه‌ک داوای پشتـێـنەكەی لێكردەوە، بەڵام پیاوە وتی من هيچ ئاگام لەوشتە نییە كەبەڕێزتان باسی دەكەن‌. هەر سووريش بوو لەسەر قسه‌كەی خۆی و دەیگوت من نەم دزیوە.(قوباد) وتی: من سەیری ناو چاوانی هەمووتانم كردووە، زۆر باش دە زانم كاری تۆیەو هیچكەسی دیکه‌ نەیكردووە لەتۆ زیاتر.
ئه‌گەر هه‌ر ئێستا ڕاستیەكەم پێنەڵێی لەدار دەدرێی، ئه‌گەر ڕاستیەكەش بڵێی و پشتێنەكە بهێنیەوە، ئازادت دەكەم و لێت دەبوورم. كابرا هەر سوور بوو لەسەر قسه‌ی خۆی‌و پاكانەی دەكرد. (قوباد) بڕیاریدا كە له‌ سێداره‌ی بده‌ن، كاتێك هێنایان بۆ له‌سێداره‌دان، هاواری كردو وتی: تكایە من ببەن بۆلای (پادشا) تاڕاستیەكەی پێ بڵێم. كەبردیان بۆلای (قوباد) كابرا وتی: ئه‌گەر لێم ببووری و دڵنیام بكەی كەنامكوژی پشتێنە زێڕەكە دێنمەوە.
هەر كە (قوباد) بەڵێنی پێدا كەنایكوژێت و لەتاوانی دەبوورێت، شتەكەی هێنایەوەو دایەوە بەكاربەدەستانی دەربار. ئه‌وانەی كەزێڕو پارەكەیان دزیبوو، كەئه‌وەیان بینی لەترسان كـێچ كەوتە ناو لەشیان و كەوتنە قسه‌كردن‌و لەژێر لێودا دەستیان كرد بە وڕينە لەگەڵ یەكترداو دەیانگوت: (قوباد) لەبەر زیرەكی و وردبینی و لێزانی، زوو زانی كەكێ پشتێنەكەی دزیوە، هەروەها زۆر باشیش دەزانێت كە زێڕو پارەكەیش كێ دزیویەتی و لێی ڕوون و ئاشكرایە كە لەئێمە دەرنەچووە. بەڵام ئێستا هيچ ناڵێت! باشوایە پێش ئه‌وەی ئابڕومان بچێت و خەڵك پێ بزانێت و لەو دڵەكوتەیە ڕزگاریمان بێت، زێڕو پارەكە ببەینەوە.
(قوباد) كەزانی شتەكان گەڕاونەتەوە بۆ جێگای خۆی هەر هەمان كات ئه‌وانەی كە ئه‌و خیانەتەیانكردبوو لەسەر كار لایدان‌و كەسانی باوەڕ پـێـكراویشی لەجێگای ئه‌وان دانا.

No comments:

Post a Comment