لە زەمانی دەسەڵاتدارێتی (هـەشام) كوڕی (عبدالملك)، گرانیو برسیەتی هەموو شوێـنێكی گرتەوەو سێ ساڵ درێژەی كـێـشا. كۆمەڵێك لەعەڕەبی دەشتەكی كەژیانیان زۆر دژوارو پڕ مەترسی بو و لەو پەڕی برسیەتیدا دەژیان، بڕیاریاندا كەبچن بۆلای خەلیفەو باسی بەدبەختیو مەینەتیهكانی ژیانیان بكەن بۆ ئهوەی ههندێك یارمەتیان بدات، بهڵکوو ئهگەر هەر نەبێ بۆ ماوەیەكی كەم لەبرسیەتی ڕزگاریان بێت.
كاتێك چوون بۆلای خەلیفە، هەرچەندی خۆیان هێناو برد لەشەرمانو لەترسان هیچ كامێك توانای دەربڕینی مەبەستیان نەبوو!
لە نێوان ئهو كۆمەڵەدا منداڵێكی بچووك هەبوو بەناوی (دەرواس) كوڕی (حبیب) ئهو منداڵە، كەلەبەر ترسەنۆكیو شەرمنی خەڵكەكەیو هەر وەها بۆ حاڵی ئهوانیش زۆر خەمیدەخوارد، بەوپەڕی لێهاتووییو چاو نەترسیەوە هاتە پـێشەوەو لەبهرامبهر (ههشام) دا وەستاو وتی:
قسه یان كورتە یان درێژ، بەڵام مەبەستی قسهكەر كاتێك بەباشی دەگات بەگوێی گوێگرو لێی تێدەگات، كەبەدرێژی قسهكەی بكات. خەلیفە ڕێگای پێداو (درواس) بەو شێوەیە قسهكانی دەستپێكردو وتی:
• سێ ساڵی تەواوە كەئێمە توشی گرانی و هەژاری بووین.
• ساڵی یەكەم هەموو بەزمان بوو بەئاو،
• ساڵی دووەم گۆشت لەلەشمان بڕا،
• ساڵی سێیەم، ئێسكەكانمان هەموو سوانو توێكڵیان بەردا.
ئهی خەلیفە، خۆت دەزانی ماڵو سامانێكی زۆر لەژێر دەسهڵاتت دایە، ئهو ماڵو سامانە یان هی خوایە یان ماڵی خەڵكە، یان ماڵی خودی تۆیە. ئهگەر ماڵی خوایە، كەوابوو بەندەكانی خواش بەشیان تێدا هەیەو پێویستە ههندێكیان پێ بدەی تا لەبرسان نەمرن. ئهگەر ماڵی خەڵكە لێبگەڕێ با ئهوانیش لەمافی خۆیان كەڵك وەربگرنو كۆتایی بە مەترسیەكەیان بێت. وە ئهگەر ماڵی خودی تۆشە، بەو بێچارانە كەبەندەی خوانو لەو پەڕی هەژاریو برسیەتیدا دەناڵێنن، بەزەییت بێتەوەو یارمەتیدانیان بەكارێكی ڕەوا بزانە.
خەلیفە وتی: ئهو منداڵە لە هەركامێك لەو سێ شتانە كە باسیكرد دهرفهتی بۆ دروستكردنی هیچ بەهانەیەك نەهێشت. هەر هەمانكات دەستووری بە بهرپرسی گهنجێنه دا بۆ ئهوەی سەد هەزار ئهشڕافی پارەی ئهو كاتە بدەن بەعەڕەبە دەشتەكیەكانو سەد هەزار درهەمیش بدەن بە(درواس) بەڵام (درواسی) زاناو ئازا وتی: من هيچ پێویستیەكم بەو پارەیە نییەو لەجیاتی من بیدە بەخەڵكەكەم.
No comments:
Post a Comment